وەزارەتی دارایی: گەمارۆی وەبەرهێنانـمان لەسەرە
راهۆز
٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
وەزارەتی دارایی هەرێم ئاشکرای دەکات، لە سێ ساڵی رابردوودا حکومەتی عیراق کەمتر لە نیوەی شایستە داراییەکانی هەرێمی ناردووە و لە کۆی165ترلیۆن دیناری وەبەرهێنان، پشکی هەرێم "سفر" بووە.
وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئامارێکدا دۆخی دارایی سێ ساڵی رابردوو (2023-2025)ـی خستەڕوو، بەپێی داتاکان کۆی شایستە داراییەکانی هەرێم لەو ماوەیەدا 58.3 ترلیۆن دینار بووە، بەڵام ئەوەی بە کردەیی نێردراوە تەنها 24.3 ترلیۆن دینار بووە، کە دەکاتە تەنها %41ـی مافە داراییەکان و %3.9ـی کۆی بودجەی عیراق.
وەزارەتەکە دۆخەکەی بە "گەمارۆی وەبەرهێنان" ناوبرد و رایگەیاند: "سەرەڕای تەرخانکردنی 165 ترلیۆن دینار لەلایەن بەغدادەوە بۆ وەبەرهێنان، پشکی هەرێم سفر بووە، کە بووەتە هۆی پەکخستنی پڕۆژەکانی ژێرخان".
سەبارەت بە دۆسیەی نەوت، وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوە داوە، راگرتنی هەناردەی نەوت 25 ملیار دۆلار زیانی لە ئابووریی عیراق داوە، هاوکات دوای دەستپێکردنەوەی هەناردە لە کۆتایی 2025 و رادەستکردنی 19.5ملیۆن بەرمیل نەوت لەرێگەی سۆمۆوە، هێشتا گرفت بۆ موچە دروست دەکرێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، حکومەتی هەرێم پابەندبوونی خۆی سەلماندووە و لە ساڵی 2025 بڕی 919 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی رادەستی گەنجینەی فیدراڵی کردووە.



