بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری راگەیاند، کە دوان لەوانە سەرەتا بە تۆمەتی "دزی" دەستگیرکرابوون، بەڵام دواتر دەرکەوتووە بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن و لەڕێگەی ئەوانیشەوە فرۆشیارێکی ماددەکە دەستگیرکراوە.

بەپێی راگەیەندراوی پۆلیس، سەرەتا لەلایەن بنکەی پۆلیسی خورماڵەوە دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (پ. ئـ. م - 28 ساڵ) و (م. ع. ئـ -26 ساڵ) بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکران.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بە گومانی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، تۆمەتبارەکان رەوانەی پزیشکی دادوەریی هەڵەبجە کران و لە ئەنجامدا دەرکەوت هەردووکیان بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن، بۆیە بە بڕیاری دادوەر پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بەپێی ماددەی ٣٠ـی هۆشبەر بۆ کرایەوە".

پۆلیسی هەڵەبجە ئاشکرای کرد، دوای لێکۆڵینەوە لەگەڵ دوو تۆمەتبارەکە، توانرا ئەو کەسەش دەستگیربکرێت کە ماددەکەی پێ فرۆشتوون، کە ناوی (ڕ. ن. ع) و تەمەنی 26 ساڵە و لە دەرەوەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەپێی ماددەی 26ـی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەستگیرکراوە.

هەر سێ تۆمەتبارەکە دانیشتووی دەرەوەی سنووری پارێزگای هەڵەبجەن و بە بڕیاری دادوەر، پەڕاوەکەیان ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور کراوە بە مەبەستی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان و لێکۆڵینەوەی زیاتر.