دوای چوار کاتژمێر ئاگرەکەی هەولێر کۆنتڕۆڵکرا
راهۆز
٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر رایدەگەیەنێت، سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار کاتژمێر بەسەر ئاگرەکەدا، هێشتا بەتەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە و کارگەکەش هیچ مەرجێکی سەلامەتی تێدا نەبووە.
موقەدەم شاخەوان رایگەیاند: 5:48 خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئاگادارکراینەوە لە کەوتنەوەی ئاگرێک لە کارگەیەکی چپس لە سنووری کۆمەڵگەی پیرزین، دەستبەجێ 25 تیممان گەیشتوونەتە شوێنەکە و سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
وتیشی: "زۆرینەی ئاگرەکە کوژێندراوەتەوە و تیمەکان سەرقاڵی پرۆسەی ساردکردنەوەن، بەڵام هێشتا ئاگرەکە بەتەواوی کۆنترۆڵ نەکراوە".
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە و رێکارەکان، وتەبێژی بەرگریی شارستانی ئاشکرای کرد، ئەو کارگەیە هیچ مەرجێکی سەلامەتی تێدا نەبووە و شەش مانگ لەمەوبەر نووسراویان کردووە بۆ لێپێچینەوە لەگەڵ خاوەنەکەی تاوەکو پابەند بێت، بەڵام پابەند نەبووە و دەرەنجامەکەی ئەم رووداوەی لێکەوتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، رووداوەکە زیانی گیانی نەبووە و بەهۆی جۆری ئەو کەرەستانەوە کە باڵەخانەکەی لێدروستکراوە و کەرەستەی "رۆن و کارتۆن"ـیشی تێدایە، ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنەی سەندووە و زیانی ماددی زۆری لێکەوتووەتەوە.



