تەندروستی سلێمانی:ساڵی رابردوو زیاتر لە 202 هەزار منداڵ لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشید چارەسەر كراون
بڵند
٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2025 دا زیاتر لە 202 هەزار منداڵ تەنها لە نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی تایبەت بە منداڵان چارەسەریان بۆ کراوە و نزیکەی 30 هەزار منداڵیش بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر خەوێندراون.
ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاماری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرەی ئامارەکان، لە ساڵی 2025دا 202هەزار و609 منداڵ لە بەشی راوێژكاری نەخۆشخانەی د.جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵانی فێركاری بینراون و 27 هەزار و 385 منداڵیان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر خەوێندراون لە نەخۆشخانەکە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە؛ لە ماوەی ساڵی رابردودا لە نەخۆشخانەی منداڵان 10 هەزار و پێنج سەد حاڵەتی سكچوون و رشانەوە و وشكبوونەوە تۆمارکراون لەگەڵ پێنج هەزار و 795 حاڵەتی هەناسە توندبوون.
تەندروستی سلێمانی دەشڵێت؛ چوار هەزار و 262 منداڵ لە بەشی مێشك و دەمار و دوو هەزار و 201 منداڵیش لە بەشی چارەسەری خۆراك وەرگیراون و چارەسەریان بۆ کراوە. و هەزار و 719 منداڵیش لە بەشی بەدخۆراکی و هەزار و 271 مندای تریش لە بەسێ هەرس و جگەر بینراون.
لە کۆتایشدا تەندروستی سلێمانی دەڵێت، دوو هەزار و 148 منداڵی تر لە بەشی نەبەكام داخڵ كراون و شەش هەزار و 137 تیشک و پێنج هەزار و 63 سۆنار و هەزار و 296 ئیکۆ و 214 هەزار و 834 پشکنینی تاقیگەیی جۆراوجۆر ئەنجام دراوە.



