کەشناسی: نزمترین پلەکانی گەرما دادەبەزن و تەم دروست دەبێت
راهۆز
٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، نزمترین پلەکانی گەرما دادەبەزن و لە هەندێک کاتدا تەم دروست دەبێت.
بەپێی راگەیەندراوەکەی کەشناسی، ئەمڕۆ شەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و هەندێک جار لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت. ئاڕاستەی با باکوری رۆژئاوا دەبێت و خێراییەکەی لەسەرخۆیە. ئاماژە بەوەش کراوە، نزمترین پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ 2 بۆ 4 پلە نزم دەبنەوە، بەڵام بەرزترین پلەکان کەمێک بەرز دەبنەوە.
سەبارەت بە کەشی سبەی یەکشەممە، کەشناسی رونیکردووەتەوە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لە کاتەکانی بەیانی زودا لە هەندێک ناوچە ئەگەری دروستبونی تەم هەیە. نزمترین پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 1 بۆ 3 پلە روو لە بەرزبوونەوە دەکەن.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 10 پلە
سلێمانی: 7 پلە
دهۆک: 8 پلە
زاخۆ: 8 پلە
کەرکوک: 11 پلە
هەڵەبجە: 11 پلە
گەرمیان: 17 پلە



