پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە ئۆتۆمبێلێکی رفاندبوو
محەمەد رزگار
٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە ئۆتۆمبێلێکی فراندبوو هەروەها دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشدا گیراوە.
پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ کەسێک کە نەخۆشی دەرونی هەیە لەناو قەزای دەربەندیخان ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی بەقاڵی رفاند کە لەجۆری پیکاب - نیسان بوو، دەستبەجێ مەفرەزەکانی هەردوو بنکەی پۆلیسی دەربەندیخان و پۆلیسی زەڕایەن سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان هەستان بەگرتنەبەری رێکاری یاسایی و لێکۆڵینەوەو گەڕانیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانییان زانیارییان دەستکەوت کە لەنزیک گوندی میرەدێ ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕاوەو زیانی مادی گەیشتووە بەئۆتۆمبێلەکە و بارەکەی، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی روداوەکەو توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی هەردوو بنکەوە تۆمەتبار دەستگیربکرێت و دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەشدا بگیرێت.
پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی دەربەندیخانەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ دۆسیەکە رێکخراو بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی دادگای دەربەندیخان، بەپێی مادەی (446) لەیاسای سزادان تۆمەتبار بەناوی (د، خ، ف) لەدایکبووی ساڵی (2003) راگیراوەو لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکە بەردەوامە.



