هاتوچۆی سلێمانی لەپێناو کەمکردنەوەی لۆد و قەرەباڵغی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی بۆ بەشی مۆڵەت کارا دەکات.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بڵاویکردەوە،  بەئامانجی کەمکردنەوەی لۆدو قەرەباڵغی و راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان بەشێوەیەکی سەردەمییانەو ئاسان لە هەنگاوێکی نوێدا، هاوتوچۆی سلێمانی سەردانکردنی بەشی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان دەکات بەشێوەی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی.

ئاماژەی بەوەشکرد، کەسی سەردانیکەر رۆژانی شەممە سەردانی ماڵپەڕی هاتوچۆی سلیمانی دەکات و رۆژێک لەو هەفتەیەی دادێت هەڵدەبژێرێت و خۆی تۆمار دەکات بۆ راییکردنی مامەڵەکەی.

هاتوچۆی سلێمانی راشیگەیاند، هەنگاوەکان بەشێوەیەکی پراکتیکی و تیۆری دانراون لە ماڵپەڕەکەدا، ئەم کارە دەبێتە هۆی کارئاسانی بۆ ئەو هاووڵاتییانەی دەیانەوێت سەردانی بەشی مۆڵەت بکەن بەمەرجێک دڵنیابێتەوە لەو رۆژەی کە نۆرەی تیادا گرتووە لەو رۆژەدا سەردان بکات، سیستمەکە بە شێوەیەک بەرنامەڕێژی بۆکراوە کە تەنها ئەو کەسەی نۆرەکە دەگرێت دەتوانێت سەردان بکات، لەبەرئەوەی لە سیستمەکەدا تایبەتمەندی ناسینەوەی کەسی هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، سیستمی نۆرەگرتن هەفتانە یەک جار لە رۆژی شەممان لە سەعات حەوتی ئێوارە چالاک دەبێت و ئەم خزمەتگوزارییە لە سەرەتادا بەشێوەیەکی ئەزموونی کاری لەسەر دەکرێت و لە هەر گۆڕانکارییەک لە رێگەی ماڵپەڕو سۆشیال میدیا رەسمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ئاگادار دەکرێن.

 

چۆنیەتی نۆرەگرتن و هەنگاوەکان:

1- ماڵپەڕی هاتووچۆی سلێمانی دەکەیتەوە

2- کلیک لە بەشی نۆرەگرتنی بەشی مۆڵەت دەکەیت

3- بەشی یەکەم ناوی سیانی پێویستە بە ڕێنووسی کوردی بنووسرێت، ژمارەی تەلەفوون، لەبەشی وێنەی کەسی وێنەیەکی رووبەڕووی کەسی سەردانیکەر دەگیرێت.

4- بەشی دووەم دیاریکردنی ئەو رۆژەی ئەتەوێت سەردان بکەیت

5- داواکاری پێشکەش دەکەیت و دواتر فۆرمێکت پێ دەدرێت دەتوانیت وێنەی شاشەکە بگریت (سکرین شووت) یان دەتوانیت پرنتی بکەیت

6- وێنەی کەسی و کیوئارکۆدی تایبەت بەداواکاری کەسەکە پێویستە لەسەر فۆرمەکە هەبێت، لەکاتی سەردانیکردن لە ڕێگەی ئامێری خوێنەرەوە داتاو زانیاری کەسەکە پشت ڕاست دەکرێتەوە و دواتر هاوڵاتییەکەدەتوانێت سەردانی بەشی مۆڵەت بکات بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکەی.