هاتوچۆی سلێمانی: گرنگی بە لایتی ئۆتۆمبێلەکانتان بدەن و خێرایی کەمبکەنەوە
محەمەد رزگار
٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
بەهۆی دروستبوونی تەمومژێکی زۆر بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە خێرایی کەمبکەنەوە و گرنگی بە لایتی ئۆتۆمبێلەکانیان بدەن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنرادوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی نزمبونەوەی پلەکانی گەرماو دروستبوونی تەمێکی زۆر لەشاری سلێمانی و دەوروبەری و کەمبونەوەی ئاستی بینین، داوا لە شۆفێران دەکات پابەندی یاساو رێنماییەکانی هاتوچۆ بن.
داواشدەکات، شۆفێران خێرایی ئۆتۆمبێلەکانیان کەمبکەنەوە، گرنگی بدەن بەلایتی ئۆتۆمبێلەکانیان، بەتایبەت لایتی تەم بەکاربهێنن و بەدووربن لەبەکارهێنانی لایتی بەرز (فوول لایت)، ئەو ئۆتۆمبێلانەش کە لایتی ئۆتۆمبێلەکانیان ئیش ناکات، نەهێندرێنە سەر شەقام تا بەدووربن لەروداوی هاتوچۆ.
هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە شۆفێران بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبێت سەردانی رێگاکانی دەرەوەی شار نەکەن، چونکە لەچەندین شوێندا تەم هەیەو ئاستی بینین بۆ چەند مەترێک کەمبوەتەوە.



