بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار رایگەیاند، بەهۆی لێچوونی غازەوە دوو خوشک ژەهراوی بوون، بەو هۆیەوە یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوەی دیکەشیان رەوانەی سلێمانی کرا.

رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، دوو ژن گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەیان کە بە وتەی کەسوکاریان غاز لێیداون.

ئاشکرایکرد، بەهۆی کاریگەریی غازەکەوە یەکێک لە ژنەکان گیانی لەدەستداوە و ئەوەی دیکەشیان بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستییەوە رەوانەی سلێمانی کراوە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دوو قوربانییە خوشکی یەکترن و لە یەک ماڵدا لە گەڕەکی گازینۆی قەزای کەلار ژیاون، تەمەنیان لەنێوان 45 بۆ 60 ساڵدایە.