بەرگریی شارستانیی ئاکرێ: 25 ئۆتۆمبێل لەناو بەفر رزگار کران
راهۆز
١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئاکرێ رایگەیاند، بەهۆی بەفربارینی زۆرەوە لە سنورەکە، ژمارەیەک هاووڵاتی و گەشتیار گیریان خواردبوو و تیمەکانیان بەهایانەوە چوون.
عەقید ئیبراهیم فەریق، لە بەرگریی شارستانیی ئاکرێ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەهۆی بەفربارینەوە رێگەی "کانی توز" و "چیای پیرس" گیران، تیمەکانیان توانیویانە 25 ئۆتۆمبێل لەناو بەفر دەربهێنن کە بەشێکیان گەشتیار بوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ ئەوەی شۆفێران روو لەو ناوچانە نەکەن، بەڵام بەشێک لە گەشتیاران و دانیشتووانی دەڤەرەکە پابەند نەبوون، لە ئێستاشدا بەشێک لە رێگەکانی ئەو سنورە هەر بە داخراوی ماونەتەوە.



