بەبۆنەی ساڵی نوێوە قوباد تاڵەبانی پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردوەتەوە و هیوای خواستوە ساڵی 2026 ساڵێکی پڕ لە خۆشی و دەستکەوت بێت، ئاماژەی بەوەشکردوە، بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە کاربکرێت بۆ دروستکردنەوەی متمانە و رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردی.

لە بەشێکی دیکە پەیامەکەیدا، قوباد تاڵەبانی دەڵێت؛ بە یەکڕیزی و یەکگوتاری باشتر دەتوانرێت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد چارەسەر بکرێت و داکۆکی لە ماف و داواکارییە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکرێت.

دەقی پەیامەکە

هاتنی سەری ساڵی نوێی زایینی لە هەموو لایەک پیرۆزبێت.

هیوادارین ساڵی ٢٠٢٦ ساڵێکی پڕ لە خۆشی و دەستکەوت بێت بۆ خەڵکی کوردستان و هەموومان پێکەوە کاربکەین بۆ خزمەتکردن و ئاوەدانترکردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتەکەمان لە هەموو روویەکەوە.

پێویستە هەموو لایەک بە وانەوەرگرتن لە ناتەبایی و ناکۆکییەکانی ساڵانی رابردوو کە زیانی بە پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان گەیاندووە، لە ساڵی نوێدا لاپەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و لە جیاتی چەقبەستن لە ناکۆکییەکانی رابردوو، بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە کاربکرێت بۆ دروستکردنەوەی متمانە و رێکخستنەوەی ناوماڵی کوردی. چونکە بە یەکڕیزی و یەکگوتاری باشتر دەتوانرێت کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێت و داکۆکی لە ماف و داواکارییە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکرێت.