بۆ ئاهەنگەکانی ئەمشەو؛ تەندروستیی سلێمانی 14 تیمی لە شوێنە گشتییەکان جێگیر کرد
راهۆز
٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، بۆ رۆژانی پشوو و ئاهەنگەکانی سەری ساڵی نوێ، رێوشوێنی پێویستیان گرتۆتەبەر و سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەرە تەندروستییەکان خراونەتە ئامادەباشییەوە.
لە چوارچێوەی پلانەکەدا، لە ئەمڕۆ چوارشەممەوە 14 تیمی فریاکەوتنی خێرا لە شوێنە گشتییەکانی شاری سلێمانی جێگیر کراون، بەتایبەت لە (شەقامی سالم، پارکی ئازادی، چاڤیلاند، سەرچنار و هەواری شار)، ئەمە جگە لەو تیمانەی بەشێوەی ئێشکگر لە نەخۆشخانەکان دەوام دەکەن.
تەندروستیی سلێمانی داوا لە هاووڵاتیان دەکات لەکاتی هەر روداوێکی نەخوازراودا، پەیوەندی بە ژمارە 122ی سەنتەری فریاکەوتن، یان ژمارە مۆبایلەکانی (07701949090 - 07701949191)ەوە بکەن تاوەکو بەزووترین کات تیمەکان بەهانایانەوە بچن.



