مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پیرۆزبایی هەڵبژاردنی هەیبەت حەلبوسی وەک سەرۆکی پەرلەمانی عیراق دەکات و رایدەگەیەنێت، هیوادارن ئەم هەنگاوە دەروازەی خێر بێت بۆ نوێکردنەوەی پرۆسەی سیاسی.

لە پەیامێکدا بۆ هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی رایگەیاند: "بەبۆنەی هەڵبژاردنتان بە سەرۆکی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران، پیرۆزبایی لە بەڕێزتان و تەواوی گەلانی عیراق دەکەین".

مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوە کردووە، هیوادارن هەڵبژاردنی حەلبوسی دەروازەی خێر بێت بۆ نوێکردنەوەی پرۆسەی سیاسی لە وڵات و تەواوکردنی سەرکەوتووانەی رێرەوی ئەرکە دیموکراسییەکان لەم خولەدا، بەجۆرێک بە قازانجی بەرژەوەندی و خواستەکانی سەرجەم پێکهاتەکانی عیراق بشکێتەوە.

هاوکات پەیوەست بە هەڵبژاردنی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران 
عەدنان فەیحان، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی پاش پیرۆزبایی نوسیوێتی؛ "بەبۆنەی هەڵبژاردنتان و بەدەستهێنانی  دەنگ و متمانەی   پەرلەمانتاران، پیرۆزباییەکی گەرمتان  ئاڕاستە دەکەین  و ئومێدەوارین  بە گیانی  لێپرسراوێتی  زیاترەوە  خزمەتی گەل و وڵاتەکەمان بکەن".