بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو حاجییانەی ساڵی 2025 کە بە فڕۆکە چوون و بە پاس گەڕانەوە، قەرەبوو دەکرێنەوە.

کاروان ستونی، وتەبێژی رەسمیی حەج و عومرەی کوردستان رایگەیاند، دەستەی باڵای حەج و عومرەی عیراق ئاگاداری کردوونەتەوە کە 3 هەزار و 443 حاجیی هەرێم قەرەبوو دەکرێنەوە، چونکە ساڵی پار بەهۆی راگیرانی گەشتە ئاسمانییەکانەوە ناچار بوون بە پاس بگەڕێنەوە.

وتیشی: "بڕیارە دوای پشووی سەری ساڵ نوسراوی رەسمی بگات، بەڵام داوای لیستی ناوی حاجییەکانیان لێ کردووین".

سەبارەت بە بڕی پارەکە، وتەبێژەکە ئاشکرای کرد، ئەو بڕە پارەیەی دیاریکراوە تەنیا 80 هەزار دینارە، چونکە بەغداد خۆی گرێبەستەکان دەکات و هیچ نوێنەرێکی هەرێم لە لیژنەی خەمڵاندندا نەبووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای وەرگرتنی پارەکە، بە میکانیزمێکی گونجاو و ئاسان دەیدەنەوە بەو حاجییانەی کە مافی قەرەبوویان هەیە.