ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قایمقامیەتی دەربەندیخان هۆشداری توند دەدەنە هاووڵاتیان و داوایان لێ دەکەن لەم چەند رۆژەدا گەشتەکانیان رابگرن و لە بەنداوی دێوانەش دووربکەونەوە چونکە سەرڕێژ بووە.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە راگەیەندراوێکدا داوای لە هاووڵاتیان کردووە، بەهۆی بەردەوامیی شەپۆلی بەفر و باران، سەردانە کۆمەڵایەتییەکان و گەشتە شاخەوانییەکان بۆ ناوچە دوورەدەستەکان رابگرن، چونکە مەترسیی کۆبوونەوەی بەفر و داڕمانیان لێ دەکرێت.

لای خۆیەوە، سڵێمان محەمەد سەعید، قایمقامی قەزای دەربەندیخان رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینەوە بەنداوی دێوانە سەرڕێژ بووە و داوا لەو کەسانە دەکەن کە پڕۆژە یان کاری ئاژەڵدارییان لە خوارووی بەنداوەکە هەیە، بەهیچ شێوەیەک سەردانی ئەو ناوچەیە نەکەن.

قایمقام هۆشداریشی داوەتە شۆفێران کە بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت، رێگە سەرەکییەکان بەکارنەهێنن و لەو شوێنانە دووربکەونەوە کە ئەگەری دروستبوونی لافاویان لێ دەکرێت.