شەپۆلێکی بەفر و باران و سەرما روو لە هەرێم دەکات
٢٧ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
شارەزایەکی کەشناسی: شەپۆلێکی بەفر و باران و سەرما رووی لە ناوچەکانی هەرێم کردووە و ئەمشەو هەورێکی زەبەلاحی کەڵەکەبووی باراناوی کە بە هەوری سوپەرسێل ناسراوە دەگاتە ئاسمانی هەرێم و ئەگەری بارانی بەخوڕ هەیە.
ئەمڕۆ شەممە، هەڤاڵ سدیق، شارەزای بواری کەشناسی لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، ئێستا بارستە هەورێکی زەبەلاحی کەڵەکەبووی باراناوی کە بە هەوری سوپەرسێل ناسراوە، لەجووڵەکردندایە بەئاراستەی ناوچەکانی باشووری سلێمانی و درەنگانی ئەمشەو دەگاته ناوچەکە لە بەشێکی زۆری ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و راپەڕین ئەگەری تاوەبارانی بەخوڕ بۆ بارانی بەلێزمە هەیە.
باسی لەوەشکردووە، درەنگانی ئەمشەو بۆ کاتی بەرەبەیان لە سنووری پارێزگای هەولێر، کەرکوک، ئیدارەی سۆران و گەرمیان ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ بۆ بارانی بەلێزمە هەیە و لە هەندێ شوێن و ناوچە ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە"
هاوکات، کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت: "ئەمڕۆ و سبەی ئاسمان هەور و باراناویی دەبێت، لە زۆربەی ناوچەکان نمەباران و بارانی مامناوەند دەبارێت، لە بەشێک لە ناوچەکان و بەتایبەت ناوچە بەرزەکان کڕێوە دەبێت واتا بەفروباران پێکەوە، لەگەڵیشیدا خێرایی با زیاد دەکات".



