میدیاکانی ئێران بڵاویانکردوەتەوە، لە یەکێک لە گوندەکانی شاری سەردەشت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بەفر هەرەسی هێناوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی تریش چارەنوسیان نادیارە و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.
 
ئەمڕۆ شەممە، حەمید مەحبوبی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای ورمێ، بە ئاژانسی میهری ئێرانی راگەیاندوە، بەهۆی هەرەسهێنانی بەفرەوە لە گوندی ئاڵیمەڕان سەردەشت چوار کەس بوون بە ژێر بەفرەوە و تا ئێستا گیان لەدەستدانی یەکیان پشتراست کراوەتەوە.
 
ناوبراو ئەوەشی خستوەتەڕوو،  دوای ئاگادارکردەوەیان دەستبەجێ تیمێکیان لە  فریاکەوتنی مانگی سووری  چوونەتە شوێنی روداوەکە و  تا ئێستا  تەنها تەرمی یەکیان دۆزیوەتەوە و گەڕان بەدوای سێ کەسەکەی دیکەدا بەردەوامە.