هەسەدە دەستگیرکردنی چوار ئەندامی داعشی راگەیاند
بڵند
٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە رایگەیاند، بە پاڵپشتی هاوپەیمانان، هێزەکانیان توانیویانە چوار ئەندامی داعش دەستگیربکەن، ئاماژەیان بەوەشکردوە، دەستگیرکراوەکان دانیان بەتاوانەکانیاندا ناوە و هاوکاری شانە نوستوەکانیان کردوە و زانیاریان لەسەر جموجوڵی هێزەکانی هەسەدە داوەتە گروپەکانی داعش.
ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێکدا هەسەدە رایگەیاندوە، بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئۆپراسیۆنێکی ورددا، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگەی باوەڕپێکراو سەبارەت بە چالاکییەکانی شانەی تیرۆریستی، رۆژی چوارشەمەی رابردوو توانیویانە چوار ئەنجامی داعش دەستگیر بکەن.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، لە میانەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا، تیرۆریستە دەستگیرکراوەکان دانیان بەوەدا ناوە، کە سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعشن و تێوەگلاون لە ئەنجامدانی چالاکی تیرۆریستی لە ناوچەکەدا و هەماهەنگی و پەیوەندیان لەگەڵ شانەکانی دیکەدا هەبووە و پێگە سەربازییەکانی هێزەکانی هەسەدەیان کردوەتە ئامانج و هەوڵی ئەنجامدانی تیرۆری تاکەکەسییان داوە.
هەسەدە دەشڵێت؛ ئەم ئۆپراسیۆنە ئەمنییە گرنگییەکی سەرەکی هەیە، چونکە لە چوارچێوەی هەوڵە چالاکانەی هێزەکانیاندایە بۆ هەڵوەشاندنەوەی شانەکانی داعش پێش ئەوەی بتوانن پلانە تاوانکارییەکانیان جێبەجێ بکەن و ئەم جۆرە ئۆپراسیۆنانە بۆ ئاسایشی ناوچەکە و سەلامەتی خەڵکی مەدەنی و هێزەکانیان گرنگن.



