ئەنوەر قەرەداغی: بە پاساوی کاری هونەری خرامە ناو چالاکییەکی حزبییەوە
راهۆز
٢٥ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
هونەرمەند ئەنوەر قەرەداغی نیگەرانیی خۆی دەردەبڕێت لەوەی بە ناوی ئاهەنگێکی جەماوەرییەوە بانگێشت کراوە، بەڵام دەرکەوتووە چالاکییەکە سیاسی و حزبی بووە.
لە روونکردنەوەیەکدا، ئەنوەر قەرەداغی رایگەیاند، چەند رۆژێک لەمەوبەر ئاگادار کراوەتەوە کە "گروپی میوزیکی سنە" لە ئیدارەی راپەڕین ئاهەنگێکی جەماوەری ساز دەکەن، ئەویش بەهۆی پەیوەندیی باشی لەگەڵ ئەو گروپەدا بەدەم بانگێشتەکەوە چووە.
ئەو هونەرمەندە دەڵێت: "کاتێک گەیشتمە شوێنی ئاهەنگەکە تووشی سەرسوڕمان بووم کە ئاهەنگەکە سیاسی و حزبییە، لەبەر رێزی تەمەن و پێگەم نەمدەتوانی بەجێی بهێڵم، بەڵام پێموتن کە ئاگادارنەکراومەتەوە ئاهەنگەکە حزبییە".
ئەنوەر قەرەداغی رەخنە لە رێکخەرانی ئاهەنگەکە دەگرێت و ئاماژە بەوە دەکات: "نەدەبوو بەو شێوازە مامەڵەم لەگەڵ بکەن و لەژێر پەردەی چالاکییەکی هونەرییەوە بمخەنە ناو داوی چالاکییەکی حزبی و بابەتەکە بە سیاسی بکەن".



