"دوو تۆمەتبار دەستگیرکران کە بەناوی هێزی ئەمنییەوە هەڵیانکوتابووە سەر مارکێتێک"
سام
٢٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سەیدسادق دوو تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە بەناوی هێزی ئەمنییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر مارکێتێک، لەئێستادا لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
لە راگەیەندراوێکدا پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە، "مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادقی سەر بە بەشی پۆلیسی سەیدسادقی بەڕێوەبەرایەتیمان، دوو تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە بەناوی هێزی ئەمنییەوە هەڵیانکوتابووە سەر مارکێتێک".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشهاتووە، "دوای ئەوەی مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی سەیدسادق ئاگادارکرانەوە کە دوو تۆمەتبار بەناوی هێزی ئەمنییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر مارکێتێک، بڕیاری دادوەر بۆ روداوەکە وەرگیراو دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەڕوداوەکە دەستیپێکرد و سەرەنجام توانرا دوو تۆمەتبار بەناوەکانی (س، ع، س - ب، م، أ) دەستگیربکرێن کەسەر بەهیچ دام و دەزگایەکی ئەمنی نین".
پۆلیسی سلێمانی دەشڵێت، "تۆمەتباران پێشینەی تاوانکاریان هەیە، لەئێستادا بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی (432) لەیاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.



