ئەمڕۆ دەرباز کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە شاری هەولێر پێشوازیکرد لە محەمەد کازم ئال سادق باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عیراق و وەفدی هاوڕێی.

لە دیدارێکدا کە  فەرمەرز ئەسەدی کونسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، باس لە باردۆخی ناوچەکەو پێشهاتە نوێکان کرا لە عیراق و هەرێمی کوردستان، پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عیراق و هەرێم تەوەری  گفتوگۆکان بوو.

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ رایگەیاند، خواستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەوەیە کورد بە یەکگرتوویی لەبەغداد بێت و بەشداری لە حکومەتی نوێدا بکات، لە هەرێمی کوردستانیش هەرچی زووە کابینەی نوێ پێکبهێندرێت.

سەقامگیری ناوچەکەو پەیوەندییە سیاسیی و لەمێژینەییەکانی کورد و کۆماری ئیسلامی ئێران تەوەرێکی تری دیدارەکەبوو، جەختکرایەوە لە پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕە کولتووری و بازرگانی و مرۆییەکان لە نێوان هەردوو گەلی کوردو کۆماری ئیسلامی ئێران.