گروپی کۆمپانیاکانی IQ هەڵمەتێکی گەورەی بەخشین و هاوکاری مرۆیی  بۆ زیان لێکەوتوانی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردوی سنوری چەمچەماڵ راگەیاند، وەک پاڵپشتیەکیش کۆمپانیاکە 100 ملیۆن دیناری عیراقی وەک هاوکاری دەداتە زیانلێکەوتوەکان.

گروپی کۆمپانیاکانی IQ رایگەیاندوە، بۆ بەهاناوەچوونی ئەو خێزانانەی بەهۆی باران بارینی بەخوڕ و لافاوی توندی رۆژانی رابردوو زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە، بە تایبەتی لە ناوچەکانی چەمچەماڵ و تەکیە، هەڵمەتێکی گەورەی بەخشین و هاوکاری مرۆیی رادەگەیەنێت.

ئاماژەیان بەوەکردوە، بڕیاردانی پشتیوانی دارایی بۆ زیانلێکەوتوان و هەڵمەتی هاوکاری بۆیان،  لەسۆنگەی هەستکردنە بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی، کۆمەڵایەتی و مرۆیی بەرانبەر پایتەختی شەهیدان و ئەنفالکراوان، تا یارمەتیدەر بێت لە گێڕانەوەی ژیان بۆ زیانلێکەوتوان و کەمکردنەوەی نەهامەتی و قورساییەکانی ژیانی دانیشتووانی سەربەرزی چەمچەماڵ و تەکیە.

لای خۆیەوە ئاسۆز رەشید، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گروپی کۆمپانیاکانی iQ رایگەیاند؛  گرووپی کۆمپانیاکانی iQ بڕی 100 ملیۆن دیناری عیراقی تەرخان دەکات بۆ پشتیوانیکردن لە خێزانە زیانلێکەوتووەکان، بۆ دابینکردنی پێداویستیە سەرەکییەکانی ژیان و یارمەتیدان لە تێپەڕاندنی ئەم رەوشە سەختەدا، بە هیوای ئەوەی ئەم هاوکارییە ببێتە هۆکاری کەمکردنەوەی ئازار و خەمەکانی ئەم خێزانانە.