قوباد تاڵەبانی: هەموو دانیشتووانی چەمچەماڵ و دەوروبەری دڵنیا دەکەینەوە دڵمان لایانە و هەموویان قەرەبوو دەکرێنەوە
بڵند
١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، جارێکیتر دووپاتی دەکەنەوە دڵیان لای یەکە بە یەکەی زیانلێکەوتووان و خەڵکی ئازیزی چەمچەماڵ و دەوروبەرییەتی، جەختیشیکردوەتەوە، دڵنیایی دەداتە هەموویان، کە قەرەبوو دەکرێنەوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، بۆ جاری دووەم سەردانی چەمچەماڵی ئازیزیان کردوە، بە مەبەستی دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزی شەهید ئاکۆ سابیر و بە دواداچونیش بۆ ئەو لیژنانەی لە دوای روداوی لافاوەکەو پێکهێندراوبوون.
ئاماژەی بەوەشکردوە؛ جێی دەستخۆشی و پێزانینە، کە یەکەی فریاکەوتنی خێرا بە هاوکاریی خەڵکی خێرخواز و خۆبەخش و سەرمایەدارەکان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارە حکومییەکان تا رادەیەکی باش توانیویانە خزمەتی زیانلێکەوتووان بکەن و بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکەیان.
دڵنیایشیداوە بە خەڵکی چەمچەماڵ و دەروبەری، لە ئەمڕۆ بە دواشەوە هەروەک رۆژانی پێشوو سات بە سات لەگەڵ لیژنەکە بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی هەموو زیانلێکەوتووان بە تەواوی قەرەبوو دەکرێنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش هەموو سەرچاوە داراییەکان بەکاردەهێنن.
قوباد تاڵەبانی سوپاسی ئەندامانی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوەش دەکات کە لە چەند رۆژی رابردوودا بە شێوەیەکی زانستی لێکۆڵینەوەیان لە روداوەکە و کەمتەرخەمییەکان و چۆنییەتی رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی روداوی هاوشێوە لە داهاتوودا کردووە.
ئەوەشیخستوەتەڕوو، بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان هەر یەکە لە قائیمقامی چەمچەماڵ، سەرۆکی شارەوانیی چەمچەماڵ، سەرۆكی شارەوانیی ناحیەی شۆڕش و بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ لە پۆستەکانیان بەخشران و بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕشیش کە ئامادەنەبوو داوای بەخشین بکات، بەڵام بەپێی راپۆرتی کۆمیسیۆن کەمتەرخەم بووە و لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، سوپاسی هاوسۆزی و هاوخەمیی هەموو خەڵکی کوردستان دەکات، کە هەر کەس بەپێی توانای دارایی خۆی یارمەتی زیانلێکەوتووانی کردووە و دەشڵێت؛ ئەم هەستی هاوسۆزی و هاوکارییەی لەکاتی کارەسات و ناخۆشیدا هەیە، گەورەترین سەرمایەی نیشتمانییە و جێی شانازی و سەربەرزی و لە هەمان کاتیشدا ساڕێژکەرەوەی برینەکانە.



