قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، وەک هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی چوار لێپرسراوی چەمچەماڵ و ناحیەی شۆرش داوای بەخشینیان کردوە لە پۆستەکانیان و ئەویش پەسەندی کردوە، ناوبراو جەختیکردەوە بەڵێن بە خەڵکی چەمچەماڵ دەدات کە تەواوی سەرچاوە داراییەکان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی هەموویان قەرەبو بکرێنەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم، لە کۆنگرەیەکی رۆژامەوانیدا لە چەمچەماڵ رایگەیاند، بەپێی دەرئەنجامی راپۆرتی لیژنەکان لەسەر روداوی لافاوەکەی چەمچەماڵ و دەوروبەری وەك پێویست ئامادەكاری نەكرابوو بۆ کارەساتەکە و دەكرا كاربكرایە زیانەكانی ئەو كارەساتە سروشتییە كەمبكرایەتەوە .

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، دەستلەکارکێشانەوەی قائیمقامی چەمچەماڵ و سەرۆکی شارەوانییەکانی چەمچەماڵ و شۆرشی پەسەند کردوە، بەڕێوەبەری ناحیەی شۆرشیش بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکان کەمتەرخەمبوە، بەڵام ئەو رەتیکردوەتەوە دەست لەکاربکێشیتەوە  و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

لە وەڵامی رۆژنامەنوسانیشدا، کە کێ لە شوێن ئەو کەسانە دادەنرێت کە دەستیان لە کارکێشاوەتەوە، ناوبراو رایگەیاند، بە زوترین کات کەسی شیاو لە شوێنیان دادەنرێت و پۆستەکانیان پڕدەکرێتەوە.

لەبارەی قەرەبوکردنەوەی زیانەکانیشەوە، قوباد تاڵەبانی دڵنیای دایە خەڵکی چەمچەماڵ، وەک حکومەت  هەموو سەرچاوە داراییەکان بەکاردەهێنن بۆ قەرەبوکردنەوەیان و هەموویان قەرەبوو دەکرێنەوە، جەختیکردەوە دەبێت هەمووان دەست لەناودەست، وەک یەک تیم كاربكەن بۆ خەڵكی چەمچەماڵ.