بۆ بەدواداچوونی زیانەکانی لافاو.. قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی چەمچەماڵ کۆبووەوە
راهۆز
١٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە زیانەکانی لافاوەکەی چەند رۆژی رابردوو و چۆنیەتیی بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووان، لەگەڵ كۆمیسیۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵ و بەڕێوەبەری یەكە ئیدارییەكانی شارۆچكەكە لە کۆبوونەوەدایە.
کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو زیانە ماددییە زۆرانەی کە بەهۆی لافاوەکەوە بەر ماڵ و موڵکی هاووڵاتیانی چەمچەماڵ کەوتووە.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆکی حکومەت گوێ لە راپۆرتی لیژنەکە و یەکە ئیدارییەکان بگرێت سەبارەت بە قەبارەی زیانەکان و ئەو پێداویستییە بەپەلانەی کە زیانلێکەوتووان هەیانە.
ئەم کۆبوونەوەیە لەکاتێکدایە کە دوای دروستبوونی لافاو لە قەزاکە، "کۆمسیۆنی فریاگوزاری و بوژانەوەی چەمچەماڵ" پێکهێنرا بۆ رێکخستنی پرۆسەی کۆکردنەوە و دابەشکردنی هاوکارییەکان بەسەر لێقەوماواندا.



