خەلیل حەییە، سەرکردەی دیاری بزووتنەوەی حەماس، ئاسوودەیی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو دڵنیاییانەی لەلایەن نێوەندگیرەکان و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە پێیانگەیشتووە کە جەختیان لەسەر کۆتاییهاتنی جەنگی غەززە کردووەتەوە.

حەییە لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی "قاهیرە"ی میسری وتی: "ئەوەی لە نێوەندگیرەکان و سەرۆکی ئەمریکاوە بیستوومانە، دڵنیامان دەکاتەوە کە جەنگی غەززە کۆتایی هاتووە."

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، "ویستی نێودەوڵەتی بە سەرپەرشتیی ترەمپ، گەرەنتیی سەرکەوتنی رێککەوتنی ئاشتییە." و کۆنفرانسی ئاشتی لە شەرم شێخ، کە بە ئامادەبوونی ترەمپ بەڕێوەچوو، وەک بەڵگەیەک بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ هێنایەوە.

سەرکردەکەی حەماس جەختی لەوە کردەوە کە بزوتنەوەکەی "بە تەواوی متمانە و سوربوونەوە پابەندی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیە."

لەگەڵ ئەوەشدا، دووپاتیکردەوە کە دۆزینەوە و دەرکردنی تەرمی ئەو 15 بارمتە ئیسرائیلییەی لە کەرتی غەززە ماونەتەوە، کارێکی "زۆر قورسە". وتیشی: "ئێمە بە جددی کار بۆ دەرکردنی هەموو تەرمەکان دەکەین، بەڵام روبەروی سەختییەکی زۆر دەبینەوە،" ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستیان بە کات و کەرەستەی زیاترە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ لە دوایین لێدوانیدا هەڕەشەی "لەناوبردنی" حەماسی کردبوو ئەگەر پابەندی رێککەوتنەکە نەبن.