سەرۆکی گشتیی دادوەریی پارێزگای قوم رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ حوکمی لەسێدارەدانی سیخوڕێکی موساد لە شاری قوم جێبەجێ کرا.

 بەپێی وتەی کازم موسەوی، دوای پشتڕاستکردنەوەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە و رەتکردنەوەی داوای لێبوردن، لە زیندانی قوم، حوکمەکەی ئەنجامدراوە.

کازم موسەوی رایگەیاند، ئەم سیخوڕە لە ساڵی 2023ەوە دەستی بە چالاکی و پەیوەندیکردن لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی دوژمن کردووە و لە مانگی شوباتی هەمان ساڵدا دەستگیرکراوە.

 دوای کۆکردنەوەی بەڵگەنامەی تەواو و داننان بەوەدا، کە زانیاری بۆ دوژمن ناردووە، بەپێی یاسا، ئەم سیخوڕە بە تۆمەتی "هاوکاری هەواڵگری و سیخوڕیکردن بۆ ئەفسەرێکی هەواڵگریی موساد" سزا دراوە.

هاوکات ئاماژەی بەوەشداوە؛ بە زووی دەستگیرکراوە و دانی بەوەدا ناوە کە هاوکاری ئیسرائیلی کردووە.