زانکۆی سلێمانی بۆ ساڵی دووەم یەکەمی سەر ئاستی عیراقە
محەمەد رزگار
٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بەپێی ریزبەندی- 'Times Higher Education 'ـی بەریتانی، زانکۆی سلێمانی بۆ ساڵی دووەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عیراق لە پلەی یەکەمدا دێت.
د. کۆسار محەمەد سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، زانکۆی سلێمانی بۆ ساڵی دووەم لەسەر ئاستی عیراق پلەی یەکەمی زانکۆکانی بەدەستهێنا، ئەمەش بەپێی ریزبەندی دامەزراوەی تایمزی بەریتانی.
وتیشی، هەر بەپێی ریزبەندییەکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زانکۆی سلێمانی لە پلەی هەزار بۆ هەزار و 200ـە، ئەمەش بە بەراورد بە ساڵی رابردوو ئاستی زانکۆی سلێمانی زۆر بەرەوپێشچووە.
ریزبەندی تایمز'Times Higher Education'، یەکێکە لە ریزبەندە سەرەکییەکانی جیهان، ژمارەیەکی کەمی زانکۆکان دەتوانن بەشداری ئەم ریزبەندییە بکەن بەهۆی ئەو پێوەرانەی کە دانراوە، زانکۆکانی عیراق حەوت ساڵە بەشداری ئەم پرۆسەیە دەکەن، ئەمە دووەم ساڵە زانکۆی سلێمانی پلەی یەکەم بەدەستدەهێنێت.
دامەزراوەی تایمزی بەریتانی، شانبەشانی دامەزراوەی شانگەهای و دامەزراوەی کواکەرێلی سیمۆندس، یەکێکە لە سێ سەرەکیترین ئەو دامەزراوانەی لە سەر ئاستی جیهان چەندین ریزبەندیی جیاجیا بۆ زانکۆکان دەکات گرنگترینیشیان (ریزبەندیی زانکۆکانی جیهان)ـە، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین و گشتگیرترین ریزبەندییەکان و لە هەڵسەنگاندنی زانکۆکاندا پشت بە چەندین پیوەری جیاجیا دەبەستێت.
ریزبەندیی زانكۆكانی جیهان پشت بە 18 پێوەر دەبەستێت و پێوەرەكانیش بۆ 5 بواری سەرەكی دابەش دەبن، كە بریتین لە:
Teaching 'ژینگەی فێربوون' و رێژەی خوێندكارانی دكتۆرا بەبەراورد بە بەكالۆریۆس، رێژەی مامۆستایانی هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا،داهاتی زانكۆ و رێژەی خوێندكاران بەبەراورد بە مامۆستایان.
هەروەها، ناوبانگ لە وانەوتنەوەدا کە لەرێگەی راپرسییەوە وەردەگیرێت، Research Environment 'ژینگەی توێژینەوە' و ژمارەی توێژینەوە، پارەی تەرخانكراو بۆ توێژینەوە،كاریگەریی ئاماژەپێدان، بەهێزیی توێژینەوە، ئاستبەرزیی توێژینەوە، كاریگەریی توێژینەوە، Industry (گواستنەوەی زانیاری)
، بەڵگەنامەی مافی خاوەندارێتی، بەخشینی دارایی بۆ توێژینەوە،International Outlook 'بەنێودەوڵەتیبوون'، توێژینەوەی هاوبەشی نێودەوڵەتی، ستافی وانەبێژی نێودەوڵەتی، خوێندكارانی نێودەوڵەتی، ژمارەی ئەو خوێندكارانەی لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن، یەکێکی دیکەن لە پێوەرەکان بۆ دیاریکردنی ریزبەندی زانکۆکان.



