قوباد تاڵەبانی دەڵێت: پەیوەندی حکومەتی عیراق و هەرێم بە جۆرێکە هەمیشە بەرزی و نزمی هەبووە، بەڵام لە ئێستادا خۆشبەختانە جۆرێک لە هەماهەنگی و رێککەوتن هەیە.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە میانی پانێڵێکدا لە دیداری ساڵانەی ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ تویژینەوە 'مێری' لەهەولێر رایگەیاند، ناوەندی ستراتیژی هەرێمی کوردستان بەغدادە و ناکۆکییەکان تەنها لەبەغداد دەتوانرێت چارەسەر بکرێن.

وتیشی، یەکێتی هەوڵدەدات پێگەی خۆی لە بەغداد بەهێزتر بکات، چونکە یەکیتی لەوە تێگەیشتووە کێشەکان دەبێت لە بەغداد یەکلایی بکرێتەوە.

سەبارەت بە پڕۆژە یاساکان لە عیراق و بەتایبەت پڕۆژە یاسای نەوت و غاز، قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد، زۆرێك لەو پرۆژە یاسایانەی پێویستن بۆ پركردنەوەی كەلێنەكان لە عیراق پەسەند نەكراون، هەروەها لە عیراق هیچ یاساییەکی نەوت و غاز نییە بۆ  ئیدارەی ئەو کەرتە بکات.

ئەوەشی خستەڕوو، پێویستە بزانرێت داهات و خەرجی نەوت و غاز چۆنە و روون بکرێتەوە، دەبێت بەغداد پڕۆژە یاسای نەوت و غاز پەسەند بکات.

جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم راشیگەیاند، پێویستە عیراق كار لەسەر هەمەجۆركردنی داهاتەكانی بكات و دەبێت گرنگی زیاتر بە وەبەرهێنان و پەرەی زیاتر کەرتە جیاجیاکان بدات و تەنها پشت بە نەوت نەبەستین.

قوباد تاڵەبانی ئاشکراشیکرد، خەڵکی بەسرە و هەندێک لە پارێزگاکانی دیکەی عیراق لە ئەدای حکومەت ناڕازین.

زیادکردنی پارێزگاکانی عیراق یەکێکی دیکە بوو لە پرسیارەکانی پانێڵەکەی قوباد تاڵەبانی و لە وەڵامدا وتی، دەبێت دەسەڵاتەکان رێکبخرێنەوە و دواتر ژمارەی پارێزگاکانی عیراق زیاد بکرێت، نەوەک تەنها لە رووی مەعنەوەییەوە ژمارەی پارێزگاکان زیاد بکرێن و لە رووی مادیەوە، هیچ بودجەیەکی بۆ تەرخان نەکرێت و هیچ پرڕؤژەیەکیشی بۆ جێبەجێ نەکرێت، هەروەها دەبێت دەسەڵاتی زیاتر بدرێتە پارێزگاکان.

دەشڵێت: ئێمە خوێندکاری سەرۆک مام جەلالین، لەسەر رێباز و سیاسەتی مام جەلال بەردەوام دەبین، لەپێناو خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت لە کەرکوک، بۆیە سیاسەتەکانى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لە سەرۆکى یەکێتییەوە بیگرە هەتا هەریەک لە ئەندام و کادرەکانى چ لە ناو حزب چ لەناو حکومەت، باوەڕمان بە روئیاى مام جەلال هەیە بۆ کەرکوک، لە کەرکوک دەبێت هەموو پێکهاتەکان پێگەیان هەبێت و کەرکوک بە هى خۆیان بزانن.

قوباد تاڵەبانی تیشکی خستەسەر رەوشی ئێستای کەرکوک ئاماژەی بەوەکرد، دەستخۆشی لە پارێزگاری کەرکوک دەکەم چونکە خزمەتی هەموو پێکهاتەکان دەکات لە شارەکە و تەنها خزمەتی کورد ناکات، هەروەها بە شێوەیەکی زیرەکانە پڕۆژەکانی بەسەر ناوچە جیاوازەکانی کەرکوک دابەشکردووە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە ئاستێکی زۆر باشدایە لە پاریزگاکە.

ئەمرۆ پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی لە ئاستێکی باشدایە، هاوکات پەیوەندی یەكێتی و توركیا کەمێک باشترە، قوباد تاڵەبانی "وادەڵێت"

جەختیشیکردەوە، مێژوو سەماندویەتی هەر کاتێک لایەنە کوردستانییەکان پەرت بوونە کورد پێگەی لاوازبووە، هەرکاتێکیش لایەنەکان یەکدەنگ بوونە پێگەی کورد بەهێزبووە.