ئەمڕۆ، لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ کۆبووەوە و بڕیاریدا هەر کاندیدێک و قەوارەیەکی سیاسی سەرپێچی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بکات بەپێبژاردن سزا بدرێن .

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر یاسا و رێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵ و لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی کرایەوە، لەگەڵ پابەندبوون لەسەر یاسا و رێنمایی و رێکارەکانی پێشوو، ئەم رێنماییانەش پەسەندکران بەمەبەستی بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ئارام و هاوسەنگ و هەڵبژاردنێکی دروست و تیوار.

لە کۆبوونەوکەدا بڕیادرا، پێویستە هەموو کاندید و لیست و قەوارە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن، پابەندی تەواوی یاسا و بڕیار و رێنمایی و راسپاردەکان ببن.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، رێنمایی پێویست بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەردەکات، هەر کاندید و لیست و قەوارەیەک سەرپێچی ئەو رێنماییانە بکات، لەلایەن سەرۆکی یەکە کارگێڕی و بەتایبەتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەکانەوە پێبژاردن دەکرێن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵ و ئۆفیسەکانیان لە پارێزگاکاندا سزای یاسایی و پێبژاردنی دارایی هەر کاندیدێک دەکەن، کە دامەزراوە حکومیی و ئایینیەکان بۆ بانگەشە بەکاربهێنن، یان کەلوپەل و کەرەستەی دامەزراوە حکومییەکان بەکاربهێنن.

لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەکان ئاشکراشیکرد، وێنەگرتنی کارتی دەنگدان و بردنە ژورەوەی تەلەفون و هەر هۆکارێکی وێنەگرتن بۆ ناو ناوەند و وێستگەکانی دەنگدان لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیشدا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.

راشیگەیاند، لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵەوە بنکەی چاودێریکردنی بانگەشە لە سۆشیاڵ میدیاکاندا دیاریکراوە و سەرپێچیکار بەپێی رێنماییەکانیان تاڕادەی دورخستنەوەی کاندیدەکان لە کاندیدبوون دەڕوات، بۆیە پێویستە هەموولایەک پابەندی رێنماییەکان بن.

هیچ کەس و دامەزراوەیەک لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا بەبێ باجی رەسمیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵ مافی چاودێریکردن و سەردانیکردنی ناوەند و وێستگەکانی دەنگدانی نابێت، لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەکان "وا دەڵێت".

لە کۆتایی کۆبوونەوکەشدا ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە چاودێر و راگەیاندنکار و نوێنەری وڵاتان و رێکخراوە ناوخۆیی و دەرەکیی و نێودەوڵەتییەکان، باجی ڕێپێدانی رەسمیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵیان هەبێت.