قوباد تاڵەبانی لەگەڵ هەڤاڵانی سێکتەری یاسایی و مافپەروەرانی یەکێتی لە هەولێر کۆبووەوە و ئاماژەی بەوەکرد، لە هیچ مافێکی دەستوری خەڵکی کوردستان خۆش نابین و داوای هیچ شتێکی زیادە و نادەستوریش ناکەین.

قوباد تاڵەبانی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوەتە و نوسیویەتی، سیاسەت و بەرنامەی یەکێتی زۆر روون و شەفافە، لە هیچ مافێکی دەستوری خەڵکی کوردستان خۆش نابین و داوای هیچ شتێکی زیادە و نادەستوریش ناکەین، وەک سەرۆک بافڵ وتی، شەڕی جێبەجێکردنی مادە بە مادە و خاڵ بە خاڵی دەستور وەک خۆی دەکەین.

ئاشکراشیکرد، لە کۆبوونەوەم لەگەڵ هەڤاڵانی سێکتەری یاسایی و مافپەروەرانی یەکێتی لە هەولێر جەختم کردەوە یەکێتی هەمیشە پێیوابووە و ئێستاش پێیوایە پاراستنی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی ماف و شایستەکانی خەڵکی کوردستان تەنها لە رێگەی جێبەجێکردنی دەستورەوە دەکرێت، نەک بە دروشم و قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان.