کارەبای رۆژهەڵات وردەکاریی پسوڵەی نوێ و داشکاندنەکان ئاشکرا دەکات
راهۆز
٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبای رۆژهەڵات لە روونکردنەوەیەکدا وردەکارییەکانی پسوڵەی نوێی کارەبا و شێوازی هەژمارکردنی داشکاندنەکانی بۆ هاوبەشانی کارەبا خستەڕوو، و دڵنیایی دەدات کە هیچ بڕە پارەیەکی زیادە بۆ هاووڵاتیان هەژمار ناکرێت.
ئاکۆ حەمەرەشید، بەرپرسی فرۆشتنی وزە لە کارەبای رۆژهەڵات، رایگەیاند کە لە پسوڵە نوێیەکەدا دوو جۆر قەرز هەیە: "قەرزی کۆن" و "قەرزی نوێ".
"قەرزی کۆن" بریتییە لەو قەرزانەی کە هاووڵاتیان لە پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی روناکی (پێوەری زیرەک) لەسەریان کەڵەکە بووە و تا ئێستا پارەکەیان نەداوە.
بەڵام "قەرزی نوێ" ئەو بڕە پارەیەیە کە مانگانە لە پڕۆژەی روناکیدا بۆ هاوبەشان تۆمار دەکرێت و لەگەڵ پارەی کارەبای بەکارهاتووی هەمان مانگ کۆدەکرێتەوە و لە خانەی "پارەی داواکراو"دا نیشان دەدرێت، کە پێویستە هاووڵاتی بیدات.
سەبارەت بە داشکاندنەکان، بەرپرسەکەی کارەبا ئاماژەی بەوە کرد کە داشکاندنەکان بۆ ماوەی سێ مانگ بە بڕی جیاواز بەردەوام دەبن و هیچ هاوبەشێک مافی داشکاندنی نافەوتێت.
رونیکردەوە: "هەموو هاوبەشێک لە 30 ڕۆژی یەکەمی پڕۆژەی روناکیدا 50٪ی داشکاندنی بۆ دەکرێت. بۆ نموونە، ئەگەر پسوولەی هاووڵاتییەک بۆ ماوەی45 ڕۆژ بێت و18رۆژی بکەوێتە ناو پڕۆژەی روناکییەوە، ئەوا بۆ ئەو18رۆژە داشکاندنی50٪ وەردەگرێت. بۆ پسوولەی مانگی داهاتوو،12 ڕۆژەکەی تری ماوەی 30 رۆژەکە بە هەمان شێوە 50٪ی داشکاندنی بۆ دەکرێت، و بەشەکەی دیکەی بە ڕێژەی 25٪ داشکاندنی بۆ دەکرێت."
لە کۆتایی ڕوونکردنەوەکەدا، دڵنیایی دراوەتە هاووڵاتیان کە "هیچ هاوبەشێکی کارەبا یەکەی زیادەی بۆ هەژمار ناکرێت و هیچ پارەی زیادەی بۆ نایەتەوە،" و ئاماژە بەوەشکراوە کە لە پسوولە نوێیەکەدا زۆربەی هاوبەشان400یەکەی یەکەمیان بە 72 دینار بۆ هەژمار ناکرێت، چونکە بەشێک لە کارەبای بەکارهاتوویان هێشتا بە نرخی کۆن ئەژمار دەکرێت.



