بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، پیاوێکیان دەستگیرکردووە کە تۆمەتبارە بە کوشتنی هاوسەرەکەی لە گەڕەکی کارێزە وشکی شاری سلێمانی.

بەپێی راگەیەندراوێکی پۆلیسی سلێمانی، شەوی رابردوو هێزەکانیان ئاگادار کراونەتەوە لە بوونی روداوێکی کوشتن لە گەڕەکی کارێزە وشک. دەستبەجێ مەفرەزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و لەگەڵ تیمەکانی بەڵگەی تاوان، پشکنین و هێڵکارییان بۆ شوێنی تاوانەکە کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "دوای کۆکردنەوەی بەڵگەکان و بە فەرمانی دادوەر، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبار دەرچوو و توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنەوە دەستگیر بکرێت."

لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە ژنەکە لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە و هۆکاری روداوەکەش بۆ "کێشەی خێزانی" دەگەڕێتەوە.

پۆلیس ناسنامەی تۆمەتبارەکەی بە (س، ف، ح) و لەدایکبووی ساڵی 1996 راگەیاندووە. لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە.