لە پەیامێکیدا بۆ دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند کە ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە لەوانەی پێشوو و چارەنووسسازە، چونکە بڕیارە گرنگ و قورسەکان لە بەغداد دەدرێن. داوای لە هاووڵاتییان کرد بە جددی بەشداری بکەن و دەنگ بە لایەنێک بدەن کە لە عیراق خاوەن هێز و کاریگەرییە.


سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڵبژاردنی پێشوودا توانیویەتی 93٪ی دەنگەکانی زیاد بکات، ئەمەش نیشانەی متمانەی خەڵکە بە سیاسەت و رێبازەکەیان. جەختی کردەوە: "بڕۆن دەنگ بەو لایەنە بدەن کە ئیشی پێدەکرێت لە بەغداد، چونکە یەکێتی لە بەغداد قسەی دەخوات."

بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند:  کە لە کوردستان خەڵک روو لە یەکێتی دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر رۆڵی کارای حیزبەکەیان لە گۆڕەپانی سیاسیدا. داوای لە دەنگدەران کرد کە دەنگی خۆیان "نەسوتێنن" و بە لایەنێکی دیکەی "بێ کاریگەری" نەدەن.