كتێبی كۆنگرەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و وتاری یەكبوونخوازیی مام جەلال - كۆنگرەی لەندەن بە نموونە، كە د. عەدالەت عەبدوڵا نووسیویەتی بە زمانی عەرەبی چاپ و بڵاوكرایەوە.

ئەم كتێبە توێژینەوەیەكی زانستی و ئەكادیمییە سەبارەت بە گوتارە سیاسییەكانی سەرۆك مام جەلال، كە لە كۆنگرە جیاجیاكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقیدا پێشكەشی كردوون، بەڵام سامپڵی سەرەكیی توێژینەوەكە ئەو وتارەی سەرۆك مام جەلالە كە ساڵی 2002 لە كۆنگرەی ئۆپۆزسیۆنی عیراقیدا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا پێشكەشی كرد.

كتێبەكە سەرەتا پوختەیەكی توێژینەوەكە و دواتر پێشەكی و پاشان سێ بەشی سەرەكیی لەخۆ دەگرێت؛ بەشی یەكەم: میتۆدی توێژینەوەكەیە و بەشی دووەمیش تایبەت كراوە بە وتارەكانی سەرۆك مام جەلال لە كۆنگرەكانی ئۆپۆزسیۆنی عیراقیدا، لە بەشی سێیەمدا توێژەر د. عەدالەت عەبدوڵڵا بە وردی قسە لەسەر پێكهاتە و ئاماژەكانی وتارەكەی سەرۆك مام جەلال دەكات، كە لە لەندەن پێشكەشی كرد.

لە پێشەكی ئەم كتێبەدا نووسەر ئاماژە بە رۆڵی گرنگ و پێشەنگی سەرۆك مام جەلال دەكات لە یەكخستنی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی و گەڵاڵەكردنی سیناریۆكانی بەردەم داهاتووی عیراق، كە ئەوكات مەسەلەی یەكپارچەیی خاكی عیراق خەمی سەرەكی ئۆپۆزسیۆن بوو، هەروەها باس لەوەش دەكات كە سەرۆك مام جەلال لەو كاتەدا بەشداربوو لە بەدیهێنانی كۆدەنگیی نیشتمانیی سەبارەت بە گۆڕینی رژێم و قەناعەتپێكردنی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی بە بەشداریكردن لە رووخاندنی رژێمدا، ئەوەش لە كاتێكدا بوو، كە لەو سەردەمەدا ئۆپۆزسیۆنی عیراقی وا دەهاتەبەرچاو كە تەنیا بینەرێكی دەستەپاچە و پەرتەوازەیە و هیچی پێناكرێت، بەڵام سەرۆك مام جەلال رۆڵی سەرەكی بینی لە نزیكخستنەوەی بۆچوونەكان و بە دەستهێنانی كۆدەنگیی لە ناویاندا.

جێگەی ئاماژەیە، ئەم توێژینەوەیە لەگەڵ كۆمەڵێك توێژینەوەی زانستیی دیكەدا لە یەكەم دیداری ساڵیادی شەشەمی كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال كە لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2023دا لە نەجەف بەڕێوەچوو، پێشكەش كرا، دیدارەكەش بە سەرپەرشتی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی و دامەزراوەی بەحرئەلعلوم بەڕێوەچوو.