هەسەدە: چەكدارانی حكومەتی دیمەشق بەردەوامن لە پێشێلكارییەكان لە دەوروبەری دێر حافر
هادی
٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
هەسەدە ئاشكرایكرد، چەكدارانی حكومەتی دیمەشق بەردەوامن لە پێشێلكارییەكان لە دەوروبەری دێرحافر و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆیان كردوەتە ئامانج.
ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی سوریای دیموكرات"هەسەدە" لەرایگەیەنراوێدا بۆ رای گشتی ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، دوای كۆمەڵكوژییەكەی مانگی ئەیلول لە دێر حافر، چەكدارانی حكومەتی دیمەشق بەردەوامن لە پێشێلكاریییەكان و شەڕڤانان و دانیشتوانی ناوچەكە دەكەنە ئامانج.
راشیگەیاندوە، بەیانی ئەمڕۆ درۆنی خۆكوژ لە دەوروبەری دێرحافر هێرشیان كردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێكی سەربازی و بەهۆیەوە سێ شەڕڤان بە سوكی بریندار بوون. هاوكات ئێوارەی ئەمڕۆش بە درۆن هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لەكاتی جێبەجێكردنی ئەركدا كراونەتە ئامانج، بەو هۆیەوە چوار شەڕڤان بریندار بوون.
ئەوەش لە كاتێكدایە لە 20ی مانگی رابردوو، لە دێرحافر لە ئەنجامی تۆپبارانی ماڵی هاووڵاتییان لەلایەن چەكدارانی دیمەشقەوە ، هەشت هاووڵاتی كوژران.



