بافڵ تاڵەبانی: بەرنامەی یەکێتی بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵک جێبەجێ بکەن
محەمەد رزگار
٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە رزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردن کرد.
لە دیدارێکدا رزگار حاجی حەمە لە راپۆرتێکی ورددا بەرنامە و پلانی مەکتەبی هەڵبژاردنی خستەبەردەم سەرۆکی یەکێتی و جەختی لەوە کردەوە، لە چوارچێوەی بڕیارەکانی سەرکردایەتیی یەکێتی ئەرکەکان بەشێوەیەک رێکخراون کە شایستەبن بە پێگە و سەنگی یەکێتییەکەمان و خواستی کۆمەڵانی خەڵک.
لای خۆیەوە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی هەڤاڵ رزگار حاجی حەمە و مەکتەبی هەڵبژاردنی کرد کە دڵسۆزانە ئەرکەکانیان رێکخستووە. لەبارەی کارکردنیشیان بەرچاوروونی زیاتری پێدان و رایسپاردن کە بە هەماهەنگی سەرجەم بازنەکان و ئۆرگانەکان بەرنامەی یەکێتی بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵک جێبەجێ بکەن و تەواوی پەیام و هەنگاوەکانی یەکێتیش هەر لە خزمەتی گشتی و بەدیهێنانی مافەکانی هاووڵاتییان بێت.



