سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند، لەسەر بیر و رێبازی سەرۆك مام جەلال بەردەوام دەبن و لە بارەی هەڵبژاردنیشەوە  دەڵێت؛ ئەوان لەگەڵ پارتیدا دوژمن نین، بەڵام لە ململانێدان و کێبڕکێی یەکتری دەکەن، هیواشی خواست لەم هەڵبژاردنەدا هەڵمەتێكی هێمنانە بەرێوەبچێت.

ئەمڕۆ شەممە، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی پانۆڕامای کوردسات نیوزدا راگەیاند، دەیانەوێت كێشەكان لەگەڵ بەغداد بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن، جەختیشیکردەوە؛ یەكێتی رۆڵی سەرەكی هەبووە لە بونیادنانەوەی عیراقی نوێ.

لەبارەی پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی، ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، ئەوان دوو حزبن، کێبڕکێی یەکتری دەکەن و دوژمنی یەکتری نین، دەشڵێت؛ تا ئێستا کار بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پێشووی پەرلەمانی هەرێم نەکراوە و لە هەوڵدان حکومەت پێکبهێنرێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ حزبێک هێندەی دەنگ نەهێناوە تا بتوانێت بەتەنها حکومەت پێکبهێنێت و هیچ وەزارەتێکیش مۆڵکی هیچ حزبێک نییە.

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێم و عیراقیشەوە دەڵێت؛ یەكێتی رۆڵی سەرەكی لە بونیادنانەوەی عیراقی نوێدا هەبووە و ئەوان بەهێزی عیراق بە مەترسی نازانن بۆ سەر قەوارەی هەرێم.

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا؛ پتەوكردنی پەیوەندی لەگەڵ عیراق لە بەرژەوەندی پێگەی هەرێمە و دەیانەوێت كێشەكان لەگەڵ بەغداد بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن .