لیژنەی ئارامیی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگای سلێمانی، بە سەرۆکایەتی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، لە فەرمانێکی کارگێڕیدا چەند بڕیار و رێنماییەکی نوێی تایبەت بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی دەرکرد.

فەرمانەکە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەرچووە، داوا لە سەرجەم قەوارە، هاوپەیمانێتی و کاندیدەکان دەکات پابەندی یاسا و رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بن و بانگەشەکانیان بە شێوازێکی مەدەنیانە و دوور لە توندوتیژی ئەنجام بدەن.

بەپێی فەرمانەکە، هەڵگرتنی چەک، دیاردەی چەکداری، نمایشی سەربازی و رێکخستنی کاروانی ئۆتۆمبێل بە جۆرێک کە ببێتە هۆی تێکدانی هاتوچۆی گشتی، بە توندی قەدەغە کراوە.

لیژنەکە حەوت خاڵی وەک رێنمایی بۆ لایەنەکان داناوە:

١- پێویستە هەموولایەک پابەندی یاساو بڕیارو رێنمایی و رێساکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق و لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی فیدراڵ بن.

٢- پێویستە هەموو کاندیدو قەوارەو هاوپەیمانێتییەکان و هەوادارو پشتیوانەکانیان بە شێوازێکی مەدەنیانەی دوور لە توندوتیژیی و بەریەککەوتن، بە پاراستنی تەواوی ئارامیی و ئاسایش و سەقامگیریی گشتییەوە، بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بکەن.

٣- هەڵگرتنی چەک و دیاردەی چەکداریی و نمایشی سەربازیی لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا قەدەغەن.

٤- کاروان و کەژاوەی لەدوای یەک و درێژی ئۆتۆمبێل، کە ببنە مایەی تێکدانی هاتووچۆی گشتیی و گرتنی ڕێگاو شەقامەکان، قەدەغەن.

٥- داوا لە هەموولایەک دەکەین لە هەر ڕووداو و دۆخێکی نەخوازراودا، پەنا بۆ دادگاو بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقی فیدراڵ و دامەزراوە فەرمییەکان ببەن و لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەو هێرش و تۆڵەکردنەوەیەکی کەسیی و کۆیی، خۆیان بەدوور بگرن.

٦- پابەندی تەواوی ڕێنمایی و ڕێکارەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی و شارەوانیی یەکە کارگێڕییەکان و بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای سلێمانی و فەرمانگا پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان بن.

٧- پێویستە هەموو فەرمانگاکانی حکومەت، هاوکار بن لە فەراهەمکردنی زەمینەیەکی یاسایی هاوبەش و هاوسەنگ بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە بەبێ جیاوازیی، نابێت هیچ بانگەشەیەکی هەڵبژاردن لە فەرمانگا حکومییەکاندا بکرێت و، نابێت هیچ کەلوپەل و کەرەستەیەکی ماڵیی و دارایی و شوێنێکی حکومەت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان بەکاربهێنرێت.