قوباد تاڵەبانی دەڵێت: گەلەکەمان رۆژ بە رۆژ گەشە دەکات
محەمەد رزگار
٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دەڵێت: خۆشحاڵین کورد ئەمڕۆ لە هەموو پرسەکاندا کاریگەری هەیە و لە ئێستادا کورد دەبەسترێتەوە بە چارەسەری هەموو کێشەکان لەتەواوی ناوچەکە.
بە سپۆنسەری دەزگای میدیایی کوردسات کۆڕبەندی نێودەوڵەتی ئایتۆک لەژێر ناونیشانی گەڕانەوە بۆ داهاتوو دەستیپێکرد، لەمیانی دیبەیتێکدا لە کۆڕبەندەکە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، گەلەکەمان رۆژ بە رۆژ گەشە دەکات و کاریگەری کورد لە ناوچەکە زیاتر دەبێت.
سەبارەت بە رۆڵی گەنجان قوباد تاڵەبانی جەتیکردەوە، گەنجان ئەمڕۆ لە هەموو کایەکاندا پێشەنگن و توانیویانە رۆڵی خۆیان هەبێت.
وتیشی، گەنجانی ئێستا خاوەن بیرۆکەن و پێشەنگن، هاوکات هاوکاریان دەبین بۆ ئەوەی گەنجەکانمان بە خەونەکانیان بگەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەمساڵدا سلێمانی زۆرترین ئیڤێنت کراوە لە بوارەکانی سیاسی و رۆشنبیری و هەموو بوارەکانی دیکە، ئەمەش وادەکات گەنجان نزیکتربن لە ناوەندی بڕیار و زیاتر بەرەوپێش بچن.
سەبارەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، بەهۆی تۆماری بایۆمەتری توانیویانە شێوازی پێدانی موچە رێکبخەنەوە.
قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە ئەلیکترۆنیکردنی حکومەتی هەرێم ئەوەی خستەڕوو، حکومەت بە ئەلیکترۆنی کراوە، هەروەها هەرێمی کوردستان و بەتایبەت سلێمانی لەرووی ئەلکترۆنییەوە زۆر پێشکەوتووە.
لەمیانی کۆڕبەندەکەدا جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم تیشکی خستەسەر کەرتی کشتوکاڵ و ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی کشتوکاڵییە و خاوەنی زەوییەکی زۆریی بەپیتە، دەشڵێت؛ هەوڵدەدەن لەگەڵ پێشکەوتنی سەردەمدا برۆن و سود لە تەکنەلۆژیا وەربگرن بۆ بەرەوپێشبردنی زیاتری کەرتی کشتوکاڵ.
ئاشکراشیکرد، بەستنەوەی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار پێکەوە یەکێکی ترە لە پڕۆژەکان کە لە ماوەکانی رابردوودا رایانگەیاندووە، ئەو پڕۆژەیەش رۆڵی بەرچاوی دەبێت لە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان.
دەشڵێت، پڕۆژەی گەشتوکاڵ گرنگە بۆ هەمەجۆرکردنی ئابوری هەرێم.



