شەشەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی نەخۆشی شەكرەی كوردستان لە سلێمانی دەستیپێكرد و لە کۆنفرانسەکەدا چەندین سیمینار و بابەتی زانستی لەبارەی نەخۆشیەكانی شەكرە پێشكەش دەكرێن.

بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بڵاویکردەوە، لەشاری سلێمانی شەشەمین كۆنفرانسی نێودەوڵەتی كۆمەڵەی نەخۆشی شەكرەی كوردستان بەهەماهەنگی وەزارەی تەندروستی و بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، زانکۆی سلێمانی و بۆردی کوردستانی و كۆمەڵەی نەخۆشی شەكرەی كوردستان، لە پارێزگاکە دەستیپێكرد و لەڕۆژانی 1 بۆ 3ـی تشرینی یەكەمی 2025 بەردەوام دەبێت.

لەكۆنفراسەكەدا وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارێزگاری سلێمانی، بریكاری وەزارەتی تەندروستی، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ، بەڕێوبەری گشتی كاروباری تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی و سەرۆكی كۆمەڵەی نەخۆشی شەكرەی كوردستان، چەندین پزیشك، ئەكادیمی، راگری كۆلیژ و ژمارەیەك لە پزیشكانی پسپۆڕ لەناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و دەرەوەی وڵات بەشدارن.

لە شەشەمین كۆنفرانسی كۆمەڵەی نەخۆشی شەكرەی كوردستان چەندین سیمینار و بابەتی زانستی و توێژینەوەی نوێی زانستی لەبارەی نەخۆشیەكانی شەكرە پێشكەش دەكرێن.