دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی سێ بازرگانی مادەی هۆشبەری لە سنوری گەرمیان راگەیاند
محەمەد رزگار
١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
سێ بازرگانی مادەی هۆشبەر لە سنوری گەرمیان دەستگیرکران، دەزگای ئاسایشی هەرێمیش دەڵێت: دەست بەسەر بڕی 9 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لەجۆری حەشیش و 45 دەمانچەی بێمۆڵەتدا گیراوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێم بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان، لەچالاکییەکدا لەگوندی ساڵح ئاغای ناحیەی قۆرەتوو لەگەرمیان سێ بازرگانی مادەی هۆشبەریان دەستگیرکرد.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری پێشوەخت و چاودێری ورد و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش لەڕۆژی 1ـی10ـی2025 لەگوندی ساڵح ئاغای ناحیەی قۆرەتوو لە گەرمیان، توانیان سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکەن و دەستبگرن بەسەر بڕی 9 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لەجۆری حەشیش و 45 دەمانچەی بێمۆڵەت و 92 دەنک حەبی 'میثادۆن' کە بازرگانان ئامانجیان ساغکردنەوەی بوو لەهەرێمی کوردستان.
دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، لەئێستادا تۆمەتباران بەبڕیاری دادوەر بەماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان راگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.



