ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات هاوشێوەی دۆسیەی نەوت، دۆسیەی داهاتی نانەوتیش یەکلایی بکرێتەوە و رێكکەوتنێکی هاوبەش لەمبارەیەوە بکرێت.

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێکەوە کرا.

لە بڕگەی یەکەمدا، بارودۆخی داراییی نوێی هەرێم لە رووی داهات و خەرجییەکان بە زانیاری و ژمارەی ورد خرایەڕوو، لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە کە لە رۆژی 27ـی 9ـی 2025 ەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و لە چەند رۆژی رابردوو، بە تێکڕایی رۆژانە 195 هەزار بەرمیل نەوت، لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی سۆمۆ کراوە و لە بازاڕی جیهانی فرۆشراوە و داهاتەکەی گەڕاوەتەوە بۆ گەنجینەی فیدڕاڵ.

ئەنجومەنی وەزیران هیواشی خواست  حکومەتی فیدراڵ بەردەوام بێت لەسەر جێبەجێکردنی پابەندیی خەرجکردنی موچە و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئابی ساڵی 2025 و مانگەکانی تر، وەک ناوچەکانی دیکەی عیراق.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەنجومەنی وەزیران داواکارە لە حکومەتی فیدراڵ وەفدی دانوستانکاری هەردوو حکومەت، لە ژێر سەرپەرشتیی لیژنەی وەزاریی پێکهاتوو بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ، بەردەوامی بە کۆبوونەوەکانیان بدەن بۆ گەیشتن بە رێكکەوتنێکی هاوبەش تا لە نزیکترین دەرفەتدا، هاوشێوەی دۆسیەی نەوت، دۆسیەی داهاتی نانەوتیش یەکلایی بکرێتەوە و ئیتر هیچ پاساو و بەربەستێک، نەکرێتە بیانوو بۆ کێشەی موچە.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، پێشنیازی وەزارەتی داد بۆ هەڵوەشاندنەوەی کارکردن بە بڕیارێکی پێشووی ئەنجومەنی ئابوریی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە کرا، چونکە بڕگەکانی لەگەڵ یاسای نوێی فرۆشتن و بەکرێدانی موڵک و ماڵی دەوڵەت ژمارە 1ی ساڵی 2021 ناگونجێت، دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر هەڵوەشاندنەوەکە دا.

لە بڕگەی سێهەمدا، راپۆرتێک لەبارەی رێبەری سەلامەتی پێشکەشکرا و ئەم رێبەرە پاراستنی گیان و سامانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ئەنجامداراوە و بەزۆرینەی دەنگ پەسەندکرا.