لە هەڵەبجە دوو کەس بەتۆمەتی دزیکردن دەستگیرکران
محەمەد رزگار
١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥
لە هەڵەبجە دوو کەسی بەنەتەوە عەرەب بە تۆمەتی دزیکردن دەستگیرکران، پۆلیسی هەڵەبجەش دەڵێت: دزییان لە سندوقی خێری مزگەوتێک کردبوو.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە توانرا دوو تۆمەتباری بەڕەگەز عەرەب بەناوەکانی 'م. ح. ر'ـی تەمەن 17 ساڵ و 'ا. و. ع'ـی 14 ساڵ دەستگیربکرێن، کە لەماوەی رابردوودا هەستاون بە دزیکردن لە سندوقی خێری مزگەوتێک لە ناو شاری هەڵەبجەدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، تۆمەتبارەکان کامێرای چاودێری مزگەوتەکەیان لەکارخستوە بۆئەوەی دەرنەکەون لەکاتی کارەکەیاندا، بەڵام لەماوەیەکی کەمدا توانرا لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دیاری بکرێن و بەبڕیاری دادوەر دەستگیربکرێن، هاوکات تۆمەتباران پێشینەی تاوانی دیکەیان هەیە .
پۆلیسی هەڵەبجە راشیگەیاند، تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانیان بەتاوانە کەیاندا ناوە و بەبڕیاری دادوەری لێکڵۆڵینەوە راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.



