سیستمی زانکۆلاین بۆ ماوەی 48 سەعاتی دیکە درێژکرایەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیش دەڵێت: تا ئێستا زیاتر لە 49 هەزار دەرچوی 12ـی ئامادەیی فۆرمی زانکۆلاینیان پڕکردوەتەوە.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەپێناو پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى بۆ ئەوانەى تا ئێستا فۆڕمى (زانکۆلاین) یان پڕنەکردۆتەوە یان تەواویان نەکردوە، بڕیاردرا ماوەى زانکۆلاین 48 سەعاتى دیکە واتە تا سەعات (12)ی شەوى پێنجشەممە لەسەر هەینى رۆژی 2ـی10ـی2025 بۆ دەرچوانى قۆناغى دوانزەى ئاماەیی درێژبکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەپێناو بەرژەوەندى گشتى و پێدانى دەرفەتى زیاتر بە دەرچوانى ئەمساڵ، کە بەهەر هۆکاربێت نەیانتوانیوە فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە، لە ئێستادا دەتوانن سوودمەندبن لەم دەرفەتەو فۆرمى زانکۆلاین تەواو بکەن، هەروەها دەرچوانى خوێندنگە نێودەوڵەتییەکان و پیشەییەکانیش بەهەمان شێوە دەتوانن سود لەم دەرفەتە وەربگرن و لەو 48 سەعاتەدا فۆرمى زانکۆلاین پڕبکەنەوە.

وەزارەتى خوێندنى باڵا ئاشکراشیکردووە، ئەمە دواین دەرفەتە و چیتر ماوەى زانکۆلاین درێژناکرێتەوە، دەشڵێت، تا ئێستا زیاتر لە 49 هەزار دەرچوی 12ـی ئامادەیی فۆرمی زانکۆلاینیان پڕکردوەتەوە.