وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی بۆ تاوتوێكردنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كۆبوونەوە
لاوان
٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
وەفدی باڵای یەكێتی و پارتی لە پیرمام كۆبوونەوە بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە هەولێر رایگەیاند، وەفدی یەكێتی بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و ئەندامێتی قوباد تاڵەبانی و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ وەفدی پارتی بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی و ئەندامێتی نێچیرڤان بارزانی، و مەسرور بارزانی و هۆشیا زێباری گفتوگۆیان لەبارەی ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم كردووە.
ئەوەشی خستەڕو، كۆبوونەوەكە ماوەی دوو سەعاتی خایاندووە و تیایدا جەختكراوەتەوە لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بە زووترین كات.
پەیامنێری كوردسات نیوز راشیگەیاند، لەسەر ئاستی باڵای یەكێتی و پارتی هەوڵی راستەقینە و كرداری هەیە بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، هەوڵەكانیش بە ئاڕاستەیەكە بەزووترین كات پەرلەمانی كوردستان كارابكرێتەوە و پاشان بە رێككەوتنی هەردوولا سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دیاریبكرێت، دواتریش قۆناغ بە قۆناغ رێككەوتن لەسەر پۆستە باڵاكانی تری كابینەی نوێ بكرێت، یەكێتیش پێداگرە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیری ناوخۆ لە كابینە نوێیەكەدا.
ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، دوو شەممەی رابردوو بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی كۆبوونەوە و رەوشی سیاسی عیراق و ناوچەكە و پرۆسەی سیاسی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێمیان تاوتوێكرد.



