بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە ڤاکسینی پەتای وەرزی (ئەنفلۆنزا) لە سەرجەم مەڵبەند و بنکە تەندروستییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەست دەبێت و  هاوڵاتییانی دەتوانن سەردانی نزیکترین مەڵبەند و بنکەی تەندروستی لە خۆیانەوە بکەن بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە.

بەپێی راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی، ئەم پێکوتەیە کار دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرگری لەشی مرۆڤ و رێگری کردن لە تووشبوون بە ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای وەرزی یان کەمکردنەوەی نیشانەکانی تووشبوون بەو ڤایرۆسە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم کوتانە ڕێگری لە تووشبوون بە ڤایرۆسی پەتای وەرزی دەکات. هەروەها ئەو کەسانەش کە دوای کوتانەکە تووشی پەتا دەبن، بەهۆی کاریگەریی ڤاکسینەکەوە لەسەریان، نیشانەکانیان سووکتر دەبێت و زووتر تێیدەپەڕێنن و چاک دەبنەوە.