پارەی گەنمی جوتیاران لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین دابەش دەكرێت
٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
پارەی گەنمی جوتیاران لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین دابەش دەكرێت، لە هەولێر و دهۆكیش وادەی دابەشكردنی دیار نییە.
نەوزاد كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، سبەینێ لە سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین دەست بە دابەشكردنی پارەی گەنمی جوتیاران دەكرێت.
وتیشی، ساڵانی رابردوو پارەی گەنمی هەولێر و دهۆك لە لقی بانكی ناوەندیی لە هەولێر دادەنرا، بەڵام ئەمساڵ لە بانكی بازرگانی عیراق ئەو بڕە پارەیە دانراوە، لەبەرئەوەی بە یەك گوژمەش نادرێت، داوایان لە وەزارەتی بازرگانی عیراق كردووە، بە یەك گوژمە پارەكەیان بۆ خەرج بكەن، بۆئەوەی لە هەولێر و دهۆكیش دەست بە دابەشكردنی پارەی گەنم بكرێت.
وەزارەتی بازرگانی عیراق 57 ملیار دیناری وەك شایستەی جوتیارانی هەرێمی كوردستان رەوانە كردووە، كە 25 ملیار دینار بۆ جوتیارانی سلێمانی و هەڵەبجە، 20 ملیار دینار بۆ جووتیارانی هەولێر و 12 ملیار دیناریش بۆ جووتیارانی پارێزگای دهۆكە.



