حكومەتی هەرێم بودجەی پرۆژەی ئاوی دوكان سلێمانی 3ـی زیادكرد
لاوان
٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
حكومەتی هەرێم زیاتر لە 25 ملیۆن دۆلار بۆ بودجەی پرۆژەی ئاوی دوكان-سلێمانی3 زیاد دەكات بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەكە بە باشترین شێوە و بەرزترین كوالێتی.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم رایگەیاند، حكومەتی هەرێم لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بڕیاریداوە، بە زیادكردنی بودجەی پرۆژەی ئاوی دوكان- سلێمانی3 لە 398 ملیۆن و 486 هەزار دۆلارەوە بۆ 423 ملیۆن و 890 هەزار دۆلار بۆ ساڵی 2025.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئامانج لە زیادكردنی بودجەی پرۆژەی ئاوی دوكان-سلێمانی3، جێبەجێكردنی پرۆژەكەیە بە باشترین شێوە و بەرزترین كوالیتی.
راشیگەیاندووە، پرۆژەی ئاوی دوكان-سلێمانی3 پرۆژەیەكی ستراتیژی گرنگە و بە تەواوبوونی كێشەی كەمئاوی لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ ماوەی نزیكەی 25 ساڵ چارەسەر دەكات، بڕیاریشە لە چەند رۆژی داهاتوودا بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان گرێبەستی پرۆژەكە لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار ئیمزا بكات و دوای 14 رۆژ لە ئیمزاكردنی گرێبەستەكەش، كاركردن لە پرۆژەكە دەستپێبكات و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.



