دژەتیرۆر ژمارەیەک کۆگای چەک و تەقەمەنییان لەناوبرد
٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥
دژەتیرۆر و هاوپەیمانان و هێزە عیراقییەکان ژمارەیەکی زۆر کۆگای چەک و تەقەمەنیان لەناوبرد
بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر رایگەیاند، پاش کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری ورد، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوبەری گشتیی دژەتیرۆر، هێزەکانی دژەتیرۆر بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان، فەوجی تەکتیکی یەک (ص م)، فەوجی کەرکوک و نەینەوا و سەڵاحەدینی سەر بە دژەتیرۆری عیراق، فرقەی هێزی تایبەتی عیراق ، ئۆپەراسیۆنێکیان لە سنوری حەمرین ئەنجامدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنەکە سەرەتا بە هێرشی ئاسمانی چڕ دەستیپێکرد و توانرا ئامانجەکان بە وردی بپێکرێن، پاشان لە زەمینەوە توانرا بە نزیکەی لە پانتایی 25 کیلۆمەتردا 18 ناوچەی بەئامانجگیراوی گومانلێکراو پاکبکرێتەوە و دەستبەسەر چەند کۆگایەکی چەک بگیرێت کە بڕێکی زۆر تەقەمەنی قورس و مامناوەندی تێدابوو.
ئەوەشی خستەڕوو، دژەتیرۆر و هاوپەیمانەکانی بەردەوامدەبن لە پاککردنەوەی خاکی هەرێمی کوردستان و عیراق لە هەر مەترسییەک کە گروپە تیرۆرستییەکان دروستیبکەن.



